شێخ مەحمودى حەفید
دامەزرێنەرى یەکەمین حکومەتى کوردستان و قارەمانى شەڕى دەربەندى بازیان، شێخ مەحمودى حەفید کوڕى شێخ سەعیدى کوڕى شێخ محەمەدە بچکۆلەى کوڕى حاجى کاک ئەحمەدى شێخ-ـە
ساڵى 1881 لە شارى سلێمانى لەو بنەماڵە ئاینیە بەناوبانگە لەدایکبووە، کە دواى هەرەسهێنانى میرنشینى بابان دەسەڵاتى ئایینى و کۆمەڵایەتى و سیاسى کوردستانى کەوتە دەست. شێخ مەحمود بەمنداڵى خراوەتە بەر خوێندن و مامۆستایانى وەک (عەبدوڵڵا ئەفەندىو زێوەر) دەرسیان پێوتووە.
ساڵى 1881 لە شارى سلێمانى لەو بنەماڵە ئاینیە بەناوبانگە لەدایکبووە، کە دواى هەرەسهێنانى میرنشینى بابان دەسەڵاتى ئایینى و کۆمەڵایەتى و سیاسى کوردستانى کەوتە دەست. شێخ مەحمود بەمنداڵى خراوەتە بەر خوێندن و مامۆستایانى وەک (عەبدوڵڵا ئەفەندىو زێوەر) دەرسیان پێوتووە.
هێشتا منداڵ بووە کە لە خزمەتى باوکی دا سەردانى ئەستەنبوڵى کردووەو لەوێ سوڵتان عەبدولحەمیدى دووەم پێشوازی لێکردون.
ساڵى 1908 بەپیلانى تاقمى ئیتیحادو تەرەقى لە شارى موسڵ شێخ سەعیدى باوکى و شێخ ئەحمەدى براى شەهیدکران، ئیتر ئەرکى بەڕێوەبردنى کاروبارى بنەماڵەکە دەکەوێتە ئەستۆى شێخ مەحمود کە لەو کارەساتەدا زۆر بەزەحمەت رزگارى ببوو. شێخ مەحمودى حەفید وەک شەخسیەتێکى موسڵمان، ساڵى 1915 بەشدارییەکى کاریگەرى کرد لە شەڕەکانى دەوڵەتى عوسمانی دا دژ بەئینگلیز لە ناوچەکانى کوتو شوعەیبەو بەخۆىو چەند سەد سوارێکى کوردەوە بەرگرییەکى قارەمانانەیان نواند.
ساڵى 1918 کاروبارى شارى سلێمانى گرتەدەست و لە مانگى مایسى ساڵى 1919 دا نەبەردێکى گەورەى لە دەربەندى بازیان دژى ئینگلیز تۆمارکرد، لەو شەڕەدا شێخ مەحمود بەبریندارى کەوتە دەست ئینگلیزو دواتر لە دادگایەکى کارتۆنی دا حوکمى لەسێدارەدانى درا، بەڵام لەژێر گوشارى راى گشتى دا و لەترسى بەرپابوونى شۆڕشێکى گەورەى کورد، ئەو حوکمە گۆڕا بە (10) ساڵ زیندانى و شێخ مەحمودیان دوورخستەوە بۆ هیندستان. ماوەى سێ ساڵى دوورخستنەوەى شێخ مەحمود بارودۆخى کوردستان و ناوچەکەى ئاڵۆزکرد، بۆیە ساڵى 1922 رێیپێدرا بگەڕێتەوە کوردستان و هەر هەمان ساڵ شێخى نەمر لە سلێمانى حکومەتى کوردستانى دامەزراندو هەموو تواناکانى خۆى تەرخانکرد بۆ پتەوکردنى ئەو حکومەتە، بەڵام سیاسەتى ئەو سەردەمەى گەورە هێزەکانى دنیا دژى ئامانجەکانى گەلى کورد بوون و ئینگلیز بەتەواوى پشتگیرى لە دەوڵەتى تازە دامەزراوى عێراق دەکردو لەشکرکێشییان دەکردە سەر کوردستان. شێخ مەحمودى حەفید ماوەى چەند ساڵێک شەڕى پارتیزانى درێژە پێداو دواجار لەئاکامى گەلەکۆمەکێی هێزە ناوچەییەکان و هێزە گەورەکانى جیهان، شێخ مەحمود ساڵى 1926 دەستى لە چالاکى سیاسى و عەسکەرى هەڵگرت و لەگوندى پیران دانیشت، بەڵام کە راپەڕینەکەى خەڵکى شارى سلێمانى لە رۆژى شەشى ئەیلولى ساڵى 1930 خەڵتانى خوێن کرا، شێخ مەحمود دەستیدایەوە چالاکى دژ بەهێزى ئینگلیزو هێزى حکومەتى ئەو سەردەمەى عێراق و چەند نەبەردێکى تۆمارکرد، لەوانە شەڕى (ئاوباریک، شەڕى کەناروێ و شەڕى سورداش)، بەڵام پارسەنگى هێزە عەسکەرى و سیاسییەکانى ئەو سەردەمە لە بەرژەوەندى کورددا نەبوون، بۆیە شێخ مەحمود لەساڵى 1931دا کەوتە دەست دوژمنانى کوردو بەدەستبەسەرى لە بەغداو ناوچەکانى ترى عێراق دا خرایە ژێر چاودێرییەوە. ساڵى 1941و لەکاتى هەراکەى رەشید عالى گەیلانی دا شێخ مەحمود گەڕایەوە کوردستان و لە گوندى داریکەلى نیشتەجێ بوو.
ئەم گەورە پیاوەى کورد جگەلەوەى کە جێپەنجەى بەسەر هەموو رووداوەکانى ئەو سەردەمەى کوردستان و عێراقەوە هەیە، شەخسیەتێکى کۆمەڵایەتى گەورەش بوو. خوێندەوارێکى بەسەلیقەو شاعیرێکى بەهرەداریش بوو. پێکهاتەو حکومەت و دەزگا ئیدارییەکانى تری شێخ مەحمود نیشانەى ئەوەن کە ئەم پیاوە هەڵکەوتووە بایەخیداوە بە خەڵکى رۆشنبیرو زۆربەى هەرە زۆرى ئەفسەرو شاعیرو رۆشنبیرانى کورد پەیوەندییان بەشۆڕش و حکومەتەکەیەوە کردووە. لەخەباتى پارتیزانیش دا رۆڵى خوێندەوارو رۆشنبیرى بەرز نرخاندووە، بۆیە چاپخانەکەى رۆژنامەى (بانگى کوردستان)ى لە ئەشکەوتى جاسەنە دا جێگیرکرد. بەهەڵسەنگاندنى بارودۆخى ئەو سەردەمەى کوردستان و ناوچەکە ئەو راستییە ئاشکرا دەبێت کە لەرووى ئیدارى و عەسکەرى و دیپلۆماسییەوە شێخ مەحمودى نەمر هیچى کەمتر نەبووە لەو پاشاو ئەمیرانەى کە لە دەورو پشتى کوردستان دا پشتگیرییان لێکراوە. ئەم شەخسیەتە ناودارەى کورد رۆژى 9ى تشرینى یەکەمى ساڵى 1956 لە بەغدا کۆچیدوایى کرد. رێورەسمى پێشوازیکردن لە تەرمەکەی و بەخاکسپاردنى ئەو تەرمە پیرۆزە بوونە پریشکى هەڵگیرسانەوەى راپەرین و خۆپیشاندان لە کوردستان دا. کۆچیدوایى شێخ مەحمودى حەفید زیانێکى گەورەى بەبزووتنەوە ئازادیخوازییەکەى خەڵکى کوردستان گەیاند، بۆیە زۆربەى شاعیران و نووسەرانى کورد شیعرو بەرهەمییان بۆ نووسیوە.